بە دووپاتکردنەوەی هەڵمەتە نیشتمانییەکان بۆ پێشخستنی گەشەپێدان و وەبەرهێنان، تۆیۆتا عێراق بەشداری لە لوتکەی بازرگانی عێراق - بەندەری فاو: دەروازەی عێراق بۆ وەبەرهێنان کرد، کە لە بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسرە بەڕێوەچوو. لە لوتکەکەدا نوێنەرانی باڵای حکومەتی عێراق و شارەزایانی بەندەر و پسپۆڕانی دیاری پیشەسازی و وەبەرهێنان ئامادەبوون. تۆیۆتا عێراق بە بەشداریکردنی پابەندبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوە لە پاڵپشتیکردنی دیدگای نیشتمانی بۆ گۆڕینی بەندەری فاو و رێگای گەشەپێدان بۆ ناوەندێکی لۆجستیکی ناوچەیی کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش عێراق لە پێگەیەکی ستراتیژی نوێ لە بازاری بازرگانی جیهانی پێگەیشتوو جێگیر دەکات.
دانیشتنەکانی لوتکە بە گفتوگۆ و پێشکەشکردنی تەکنیکی کرایەوە کە چەندین تێڕوانینی داهێنەرانەی لەخۆگرتبوو. سەرەتای دانیشتنەکە بە پێشکەشکردنی چەندین کارنامەی رێکخراو لە نێوان نوێنەرانی کەرتی گشتی و تایبەت دەستی پێکرد. هەروەها لایەنە بەشداربووەکان تواناکانیان لە بە ئۆتۆماتیککردنی بەندەر، بەستنەوەی هێڵی ئاسنین، دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکانی لۆجستی، و بەڕێوەبردنی دیجیتاڵی زنجیرەی دابینکردن نیشاندا، ئەمەش ڕەهەندێکی پراکتیکی بە لوتکەکە بەخشی کە هاوبەشی و دەرفەتی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە پێشکەش دەکات.
لوتکەکە سەکۆیەکی یەکگرتووی بۆ نمایشکردنی دیدگاکانی وەبەرهێنان و دەرفەتەکانی گەشەپێدان لە کەرتی بەندەر و ژێرخان دابینکرد، لەگەڵ گرنگیدان بە بەهێزکردنی هاوبەشییە گشتی و تایبەتەکان، فراوانکردنی لێهاتووییە نیشتمانییەکان، و پەرەپێدانی زنجیرە بەهاکانی بەندەری فاو لەگەڵ ئەو قۆناغ و هەنگاوانەی کە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ساتی گەیشتنیان بە بەندەرەکە بۆ بەکاربەری کۆتایی تیایدا تێپەردەبن، لەوانەش هەڵگرتن، گواستنەوە، لۆجستیک، و بە دیجیتاڵی کردن. هەر قۆناغێک بەهاییەکی نوێ زیاد دەکات و کارایی و خێرایی و سەلامەتی بەرز دەکاتەوە. ئەم ڕێبازە نیشتمانییە گەورەییە ڕەنگدانەوەی دیدگایەکە بۆ ئابوورییەکی هاوسەنگ و بەردەوام کە بەندەرەکان بە ناوچە پیشەسازییەکان دەبەستێتەوە و ڕۆڵی عێراق وەک ناوەندێکی سەرەکی ئابووری و وەبەرهێنان بەهێزتر دەکات.
تۆیۆتا عێراق بە سوود وەرگرتن لە شارەزاییە جیهانییەکانی لە کەرتی گواستنەوە و ژێرخانی ئابووریدا، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پێشکەوتوو کە پشتگیری لەم هەنگاوە نیشتمانییە دەکات، لەوانە چارەسەری لۆجستیکی زیرەک، خزمەتگوزاری گواستنەوەی متمانەپێکراو، و بەڕێوەبردنی کارە تەکنیکییە کارامە بەرزەکان. هەروەها کۆمپانیاکە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی خۆی لە بەدواداچوونی پرۆسەکانی کارکردندا پێشکەش کرد و جەختی لەسەر وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووریدا کردەوە کە رۆڵی سەرەکی لە ئابوورییەکی هاوسەنگ و خۆشگوزەراندا هەیە.
لە دانیشتنەکەدا لەلایەن چەندین بەرپرسی دیار وتار پێشکەشکرا کە ڕەنگدانەوەی ویستی نیشتمانی و ڕۆحی هاوکاری نێودەوڵەتی بوو. جەنابی وەزیری گواستنەوەی عێراق، بەڕێز ڕەزاق ئەلسەعداوی، وتی: "بەندەری گەورەی فاو نوێنەرایەتی دڵی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەکات و زیاتر لە 100 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و یەک ملیۆن و 600 هەزار هەلی ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، ئەمەش بەشدارە لە هەمەچەشنکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت."
بەڕێز یۆسی تاوارا، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی کۆمپانیای تۆیۆتا عێراق ڕایگەیاند: "تۆیۆتا کاردەکات بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی یەکگرتووی بەرهەم و خزمەتگوزاری و ژێرخان کە هاوتەریب بێت لەگەڵ خواستەکانی عێراق و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی. ئێمە ئامانجمان پێشکەشکردنی بەرزترین ئاستی خزمەتگوزاری و کوالێتییە لە هەموو شارێک کە خزمەتی دەکەین، هەر بۆیەش وەبەرهێنان لە کوالێتی و خەڵک و داهاتوودا دەکەین".
دکتۆر ناسر ئەسەدی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری گواستنەوە و گەشەپێدان، ئاماژەی بەوەدا: "ئەم پڕۆژەیە خەون بوو و ئێستا بووەتە ڕاستی. حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران ئاواتەخوازی ئەوە بوو، وەزیری گواستنەوە و بەڕێوەبەری بەندەرەکانیش هەوڵی زۆریان داوە بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە گەورەیە، کە بووەتە هێمایەک لە گۆڕەپانی ئابووریی عەرەبی و جیهانیدا. حکومەت سەلماندی کە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەیە و پێویستە ڕێک بەو شێوەیە بێت کە عێراق مەبەستی بووە. سەرەڕای ڕێکارە ئاڵۆزەکان و ئاستەنگە بەرچاوەکان کە ڕووبەڕووی بووەوە، ئیرادەیەک هەبوو بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە، و سوپاس و ستایش بۆ خوا."
دکتۆر ئەندازیار فەرحان ئەلفەرتووسی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای موانئ العراق ئاماژەی بەوەدا کە: "رێگای گەشەپێدان بەندەری فاو دەبەستێتەوە بە ڕۆژئاوا لە ڕێگەی تورکیاوە، هەروەها نزیکەی 11 کۆمپانیای نێودەوڵەتی هەڵبژێردراون بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی پرۆژەکە".
بەڕێز محەمەد ئەلنەجاڕ، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وەبەرهێنان و سەرۆکی سندوقی گەشەپێدانی عێراق وتی "دەرفەتەکانی ئەم پڕۆژەیە بریتین لە بەندەری فاو و ڕێگای گەشەپێدان، کە هەشت میحوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە گواستنەوەی هێڵی ئاسنین و ڕێگای خێرا، گواستنەوەی وزە، گواستنەوەی کارەبا، گواستنەوەی ئینتەرنێت، و شار و کۆمەڵگا زیرەکەکان. زۆرێک لە کۆمپانیا ئاسیاییەکان هەن کە دەیانەوێت وەبەرهێنان لە عێراق بکەن بەهۆی نزیکی و کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەرهەمە چینییەکان”.
دکتۆر عەلی وەجیح، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای اعمال، وتی:"ئەمە پڕۆژەیەکی نیشتمانییە کە بە کوالێتییەکی بەرزی جیهانی دامەزراوە کە کات دەپارێزێت و ڕێگا خۆش دەکات بۆ پەیوەندیکردن و گەشەسەندنی ناوچەیی و جیهانی و خزمەت بە کەرتی ئابووریی وڵاتان دەکات، بە پلەی یەکەم عێراق".
لە کۆتایی لوتکەکەدا ئامادەبووان دووپاتیان کردەوە کە پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو تەنها پڕۆژەیەکی گواستنەوە یان ژێرخانی نییە، بەڵکو دەروازەیەکی ئابوورییە بۆ عێراق و جیهان. بەشداربووان ستایشی ڕۆڵی حکومەت و کەرتی تایبەتیان کرد لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و گۆڕینی دیدگاکان بۆ دەستکەوتێکی بەرجەستە. تۆیۆتا عێراق پێی وایە گەشەی بەردەوام لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە دامەزراوە کە شارەزایی یابانی لەگەڵ دینامیکی عێراق تێکەڵ دەکات، و مۆدێلێکی نموونەیی بۆ یەکخستنی پیشەسازی و ئابووری دابین دەکات.
- کۆتایی -