تیمی تۆیۆتا گازۆ بۆ پێشبڕکێیەکان پلەی یەکەم و دووەمی بەدەستهێنا لە یەکەمین بەشداریکردنی خۆیان لە ڕالی پاراگوای کە بەشێکە لە پاڵەوانییەتی جیهانی ڕالی کە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ئۆتۆمبێلەوە ڕێکدەخرێت. سێباستیان ئۆجیر و هاوکارەکەی ڤینسێنت لاندایس پلەی یەکەمیان بە دەست هێنا بە ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا GR یاریس ڕالی1 ژمارە 17. ئەمە یەکەمین بردنەوەیە بۆ تیمی تۆیۆتا گازۆ لە ئەمریکای باشوور و چوارەمین بردنەوەی ئۆجیر لەم وەرزەدا، پێشی هاوتیمەکەی ئێلڤن ئێڤانز و هاوکارەکەی سکۆت مارتن کەوت کە پلەی دووەمیان بە دەست هێنا بە ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا GR یاریس ڕالی1 ژمارە 33.
ئەمە نۆیەمین بردنەوەی تیمەکەیە لەم وەرزەدا و 102ەمین بردنەوەی کۆمپانیای تۆیۆتاییە لە مێژووی بەشداریکردنی لە پاڵەوانییەتی جیهانی ڕالی، کە ڕیکۆردێکی نوێیە و زۆرترین ژمارەی بردنەوە بۆ بەرهەمهێنەرێکی ئۆتۆمبێلە. بەمەش کۆمپانیای تۆیۆتا پێشەنگایەتی خۆی لە پاڵەوانییەتی جیهانی بەرهەمهێنەران بە هێزتر دەکات بە جیاوازی 100 خاڵ لە کاتێکدا چوار قۆناغ لەم وەرزەدا ماوە.
بەم بۆنەوە ئاکیۆ تۆیۆدا، سەرۆکی تیمی تۆیۆتا گازۆ لێدوانی دا و گوتی: "ڕێگا ناخۆش و دژوارەکانی پاراگوای بە تەواوی نوێ بوون بۆمان، بەڵام سێباستیان و ڤینسێنت بردنەوەیەکی نایابیان بەدەستهێنا. سوپاس بۆ بەهێزی ئیرادە و کۆڵنەدانتان سەرەڕای بارودۆخی دژوار و کەشوهەوا خراپەکە! هەروەها دڵخۆشم کە ئێلڤین و سکۆت توانیان پلەی دووەم بەدەستبهێنن و پێشەنگی پاڵەوانییەتەکە بپارێزن. بێگومان ڕالیکردن لەسەر ڕێگای نەناسراو بەبێ دەرفەتی راهێنان پێش رالییەکە زۆر سەخت بوو؛ جا لە کاتی ئامادەکاری بۆ پێشبڕکێیەکە یان لە کاتی پێشبڕکێیەکەدا، بەڵام هەوڵەکانی ئەندامانی تیمەکە ئەم ئەنجامە نایابەی بەرهەمهێنا کە بەهۆیەوە ئەم ڕالیەش هەنگاوێکی گەورە بوو بۆمان بەرەو بردنەوەی نازناوی پاڵەوانییەتی جیهانی".
تۆیۆدا وتیشی: "ڕالیەکی دیکەمان ماوە لە ئەمریکای باشوور، دوای ئەمەش بەردەوام دەبین لە ئەوروپا و ژاپۆن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ چەندین گواستنەوەی گرنگ لەنێوانیاندا. داواتان لێ دەکەین کە ئاگاداری تەندروستیتان بن بۆ ئەم چوار ڕالییەی کە ماوە، تا دڵنیابین تیمەکەمان وەرزێکی پڕ لە خۆشی و زەردەخەنەی بەڕێ دەکات!"
یەکەمین پێشبڕکێی لەم جۆرە لە پاراگوای تەحەدایەکی نوێ و سەخت بوو بۆ کۆمپانیای تۆیۆتا، چونکە بە ڕێڕەوی خۆڵی سور و بەرد دەناسرێت کە سەختە پێشبینی بکرێت چەند بەرگە دەگرێت، لەگەڵ بەردی تیژ کە زۆر فشار دەخەنە سەر ئۆتۆمبێل و تایەکان، هەروەها قورسایی پێشبڕکێیەکە زیاتر بوو بەهۆی باران بارین لە قۆناغە کۆتاییەکان.
سێباستیان ئۆجیر و هاوکارەکەی ڤینسێنت لاندایس لەسەرەتای پێشبڕکێیەکەدا شکستیان خوارد بەڵام پاشان گەڕانەوە بۆ پلەی یەکەم بە بردنەوەی نۆ قۆناغی پێشبڕکێیەکە، سەروەری خۆیان بەسەر پاڵەوانییەکە سەلماند بە جیاوازی 26.2 چرکە، بەمەش ئۆجیر 65ەمین بردنەوەی لە پاڵەوانییەتی جیهانی ڕالی و یەکەمین بردنەوەی لە ئەمریکای باشوور تۆمار کرد.
ئیڤانز و مارتنیش کارکردێکی هاوسەنگیان پێشکەش کرد تا بگەڕێنەوە بۆ سکۆی خەڵاتدان و لە کۆتا قۆناغەکانی پێشبڕکێیەکەدا پلەی دووەم بە دەست بهێنن. بەم ئەنجامەش ئیڤانز پێشەنگایەتی خۆی لە پاڵەوانییەتی شۆفێرەکان بەهێزتر کردەوە بە جیاوازی حەوت خاڵ.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆمپانیای تۆیۆتا بەشداری لە چەندین ڕووداوی وەرزشی ئۆتۆمبێل کردووە، لەوانە فۆرمۆلا وەن، پاڵەوانێتی جیهانی بەرگەگرتن (WEC) و پێشبڕکێی بەرگەگرتنی 24 کاتژمێری "نوربۆرگرینگ". بەشداریکردنی تۆیۆتا لەم چالاکییانەدا لە ڕێگەی تیم و لایەنە جیاوازەکانی ناو کۆمپانیاکە ئەنجامدرا تا مانگی نیسانی 2015، کاتێک تۆیۆتا کۆمپانیای گازۆ ڕەیسینگی دامەزراند، کە هەموو چالاکییەکانی وەرزشی ئۆتۆمبێلی لە ژێر یەک ناودا چەسپاند. دروشمی تۆیۆتا کە "رێگاوبانەکان خەڵک بنیات دەنێن"، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی وەرزشی ئۆتۆمبێل وەک پایەیەکی بنەڕەتی پابەندبوونی کۆمپانیاکە بۆ پەرەپێدانی ئۆتۆمبێلی هەمیشە باشتر. بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ساڵانێک کە لە ژێر بارودۆخی توندی پێشبڕکێ جۆراوجۆرەکانی وەرزشی ئۆتۆمبێل بەدەستی هێناوە، تیمی GR ئامانجیەتی تەکنەلۆژیای پێشەنگ و چارەسەری نوێ پەرەپێبدات کە ئازادی و سەرکێشی و ئەزموونی شۆفێری بۆ هەمووان ببەخشێت.
بڕیارە یازدەیەمین قۆناغی پاڵەوانییەتی جیهانی ڕالی 2025 کە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ئۆتۆمبێلەوە ڕێکدەخرێت لە نێوان 11-14 ئەیلوولدا لە دەوڵەتی چیلی بەڕێوە بچێت، ئەمەش دووەمین گەڕە کە لە ئەمریکای باشوورە بەڕێوە بچێت، لەسەر ڕێڕەوێک دەبێت کە بە دارستانەکانی ناوچەی بیۆبیۆ لەسەر زەریای هێمن دەڕوانێت تێدەپەڕێت. ڕالیەکە گەڕی خێرا و تەکنیکی لە خۆ دەگرێت کە لە نێوان ڕێگای قیرتاو کراو و دژوارەکاندا دەبێت.
ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا GR یاریس ڕالی1 ژمارە 33 (شۆفێرەکان: ئێلڤین ئیڤانز و سکۆت مارتن)