Toyota

تیمی گازوو ڕەیسینگ پلەکانی یەکەم، دووەم و سێیەمی لە 75ەمین ڕالی فینلەندا بەدەست هێنا

05 ئاب 2026
ئۆتۆمبێلی GR

فینلەندا – 5ی ئاب، 2026 

تیمی گازوو ڕەیسینگ بۆ ڕالی جیهانی (GR-WRT) لە خاکی خۆیدا ئاهەنگی سەکۆی سەرکەوتنی لە ڕالی فینلەندا گێڕا، کە سامی پاجاری و هاوشۆفێرەکەی مارکۆ سالمینین توانییان بە ئۆتۆمبێلی ژمارە 5 تۆیۆتا GR یارس ڕالی 1، پلەی یەکەم بەدەستبهێنن. هاوکات هاوتیمەکانیان ئۆلیڤەر سۆڵبێرگ و ئێلیۆت ئێدمۆندسۆن، بە ئۆتۆمبێلی ژمارە 99 تۆیۆتا GR یارس ڕالی 1 پلەی دووەمیان مسۆگەر کرد، لە کاتێکدا ئێلفین ئێڤانز و سکۆت مارتن بە ئۆتۆمبێلی ژمارە 33 تۆیۆتا GR یارس ڕالی 1 لە پلەی سێیەمدا هاتن، هەرسێ پلەی سەکۆی سەرکەوتنیان بۆ تیمەکە مسۆگەر کرد.بەم ئەنجامەش، تۆیۆتا جیاوازی پێشەنگایەتی خۆی لە ڕێزبەندی بەرهەمهێنەرانی پاڵەوانێتی جیهانی ڕالی (FIA WRC) بۆ 174 خاڵ فراوانتر کرد.

ئاکیۆ تۆیۆدا، سەرۆکی تیمی گازوو ڕەیسینگ (GR-WRT)، وتی: 
 "سامی و مارکۆ، پیرۆزباییتان لێ دەکەم بەبۆنەی دوو سەرکەوتنی لەسەریەکتان و بردنەوەی ڕالی وڵاتەکەتان! بەڕاستی دیمەنێکی ناوازە و نایاب بوو بینینی سێ لە تیمەکانمان پێکەوە لەسەر سەکۆی سەرکەوتن لە یۆڤاسکۆلا (Jyväskylä). ئەمە باشترین ڕێگە بوو بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاری بەرامبەر هاندەرانی ناوخۆ لە پای ئەو پاڵپشتییە بێوێنەیەی پێشکەشیان کردین. ئەم دەستکەوتە بەبێ ماندووبوون و هەوڵی تیمی میکانیکی ئۆتۆمبێلی ژمارە 33 نەدەهاتە دی، توانییان لە ماوەی تەنها 30 خولەکدا ئۆتۆمبێلەکە چاکبکەنەوە و بەبێ تۆمارکردنی هیچ سزایەک، ئێلفین و سکۆت بگەڕێننەوە ناو گۆڕەپانی کێبڕکێکە." 

تۆیۆدا هەروەها وتی:
چیرۆکەکانی چاککردنەوەی قارەمانانە لەلایەن میکانیکەکانەوە لە پاڵەوانێتی جیهانی ڕالی (WRC)دا شتێکی باون، بەڵام کاتێک دەبیستیت کە دەعامەی پێشەوە و دواوە، پانێڵی تەنیشت، بۆنیت، دەرگای دواوە (سندووق)، لایتی پێشەوەی لای چەپ و دەرگای لای ڕاستیان گۆڕیوە، ناتوانیت سەرسام نەبیت بە شارەزایی و لێهاتووییەکەیان. سوپاس بۆ هەموو میکانیکەکان لە پای ئەو کارە نایابەتان.

75ەمین ساڵیادی ڕالی فینلەندا، کە لەسەر ڕێگا خێراکانی نێو دارستانەکانی ناوەڕاستی فینلەندا بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە گۆڕانکاری خێرای لە بارودۆخەکاندا بەخۆیەوە بینی، لەگەڵ کەش وهەوای  پڕ لە ئاستەنگ کە لە سەرانسەری کۆتایی هەفتەکەدا ڕکابەرییەکی پێشبینینەکراوی دروست کرد.

لە دوای تۆمارکردنی یەکەمین سەرکەوتنیان لە پاڵەوانێتی جیهانی ڕالیدا (WRC) لە ئیستۆنیا، پاجاری و سالمینین بە پێشکەشکردنی ئاستێکی بێ وێنە لەسەر خاکی وڵاتەکەیان دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکیان مسۆگەر کرد. هەروەها ئەم ئەنجامە 200ەمین سەرکەوتنی شۆفێرانی فینلەندی لە پاڵەوانێتی جیهانی ڕالی (FIA WRC) تۆمار دەکات.

سەرەڕای لەدەستدانی کات لە کەش وهەوای سەختی ماوەی ڕالییەکەدا، پاجاری و سالمینین بە نزیکی لە ڕکابەری پێشەنگەکان مانەوە پێش ئەوەی لە کۆتای قۆناغی پێش کۆتاییدا پێشەنگی بەدەستبهێنن. هەروەها بە گرتنەبەری شێوازێکی هاوسەنگ و وریایانە لە ماوەی دوو گەڕی کۆتایی قۆناغی (Himos-Jämsä)دا، کە درێژترین قۆناغی ڕالییەکە بوو بە درێژی 30.02 کیلۆمەتر، توانییان بە جیاوازی 26.7 چرکە سەرکەوتن مسۆگەر بکەن.

سۆلبێرگ و ئێدمۆندسن، پاش زاڵبوونیان بەسەر خراپترین کەش وهەوای باراناوی لە سەرەتای پێشبڕکێکەدا، بۆ دووەم جار لەسەریەک پلەی دووەمیان مسۆگەر کرد. هەروەها ئەم دوو هاوتیمە بە مسۆگەرکردنی پێشەنگی ڕیزبەندی یەکشەممەی نایاب (Super Sunday)، کۆتاییەکی نایابیان بۆ هەفتەکە تۆمار کرد.

ئیڤانس و مارتن دوای وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان لە ماوەی قۆناغی پێش کۆتاییدا، بە خێرایی گەڕانەوە ناو کێبڕکێکە و سەکۆی سەرکەوتنیان بە بەدەستهێنانی پلەی سێیەم تەواو کرد. دواتریش توانییان قۆناغی کۆتایی ڕاڵییەکە (Power Stage) بە جیاوازی تەنها 0.025 چرکە ببەنەوە، لە کاتێکدا لە ڕیزبەندی (Super Sunday) دا پلەی دووەمیان دەستەبەر کرد، بەمەش پێشەنگی ئیڤانس لە ڕیزبەندی شۆفێرانی پاڵەوانێتییەکەدا بۆ 30 خاڵ بەرزبووەوە.

دوای ڕالی فینلەندا، تۆیۆتا جیاوازی پێشەنگایەتی خۆی لە پاڵەوانێتی بەرهەمهێنەران بۆ 174 خاڵ فراوانتر کرد. ئێستا تیمەکانی گازوو ڕەیسینگ (GR-WRT) پێنج پلەی یەکەمی ڕێزبەندی شۆفێرانیان داگیر کردووە، کە ئێڤانز لە پێش پاجاری، کاتسوتا، سۆڵبێرگ و ئۆجێ پێشەنگی پاڵەوانێتییەکە دەکات.

مێژووی تۆیۆتا لە وەرزشی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل بۆ زیاتر لە 60 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بە پشتبەستن بە فەلسەفەی "ڕێگاوبانەکان مرۆڤ دروست دەکەن، مرۆڤ ئۆتۆمبێل دروست دەکات"، تۆیۆتا لە جۆراوجۆرترین پۆلەکانی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری جیهاندا بەشداری کردووە. سەرکەوتنە گەورەکانی کە لە سەختترین بارودۆخەکاندا بەدەستی هێناون، لەگەڵ ئەو زانیاری و شارەزاییە تەکنیکییانەی لە ئەنجامیاندا بەدەست هاتوون، بەردەوام بنەمای دروستکردنی ئۆتۆمبێلی "هەمیشە باشتر" پێکدەهێنن. 

گازوو ڕەیسینگ لە بەرزترین ئاستەکانی پێشبڕکێکانی وەرزشی ئۆتۆمبێلدا بەشداری دەکات، وەک پاڵەوانێتی جیهانی ڕالی (FIA WRC)، لەگەڵ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی وەرزشی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیاران لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی بازرگانی دروستکراون. 

خولی یازدەیەمی پاڵەوانێتی جیهانی ڕالی (FIA WRC) بۆ ساڵی 2026، ڕالی پاراگوای (Rally del Paraguay) دەبێت کە لە 27 تا 30ی ئاب، لە قۆناغە پڕئاڵەنگارییەکانی دەوروبەری شاری ئینکارناسیۆن، لە نزیکی سنووری ئەرجەنتین، بەڕێوەدەچێت. ڕێگا خێراکان ڕوویەکی قوڕی سووریان هەیە کە ئاستی جێگیربوون و گرتنی تایەکان بە ڕێگاکەوە بەردەوام دەگۆڕێت. 

تێبینییەکانی پێشبڕکێ: 

● ئۆتۆمبێلی ژمارە 5 تۆیۆتا GR یارس ڕالی1 (سامی پاجاری و مارکۆ سالمینین) 

پلە: یەکەم  

کات: 2 کاتژمێر، 27 خولەک و 58.0 چرکە  

● ئۆتۆمبێلی ژمارە 99 تۆیۆتا GR یارس ڕالی1 (سۆڵبێرگ و ئێلیۆت ئێدمۆندسۆن) 

پلە: دووەم  

کات: 2 کاتژمێر، 28 خولەک و 24.7 چرکە (+26.7 چرکە)  

● ئۆتۆمبێلی ژمارە 33 تۆیۆتا GR یارس ڕالی1 (ئەلفین ئێڤانز و سکۆت مارتن) 

پلە: سێیەم 

کات: 2 کاتژمێر، 29 خولەک و 17.5 چرکە (+1 خولەک، 19.5 چرکە) 

           
- کۆتایی -
×