Toyota

تیمی تۆیۆتا گازوو ڕەیسینگ باڵادەستی خۆی لە ڕالی ئەستۆنیا دەسپێنێت و پلەکانی یەکەم و دووەم بەدەست دەهێنێت

22 تەمووز 2026
ئۆتۆمبێلی GR

ئەستۆنیا – 22ی تەممووزی 2026 


تیمی تۆیۆتا گازوو ڕەیسینگ (TGR-WRT) ئەنجامێکی نایابی لە ڕالی ئەستۆنیا تۆمار کرد و پلەی یەکەم و دووەمی پێشبڕکێکەی بەدەست هێنا. سامی پاجاری و یاریدەدەرەکەی مارکۆ سالمینین، بە ئۆتۆمبێلی ژمارە 5 تۆیۆتا GR یارس ڕالی 1، بۆ یەکەم جار سەرکەوتنیان لە پاڵەوانێتی ڕالی جیهانیدا (WRC) بەدەست هێنا. لە هەمان کاتدا، ئۆلیڤەر سۆڵبێرگ و ئێلیۆت ئێدمۆندسۆن، بە ئۆتۆمبێلی ژمارە 99 تۆیۆتا GR یارس ڕالی 1، بە دەستهێنانی پلەی دووەم، دوو سەکۆی سەرکەوتنیان بۆ تیمەکە مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی بە جیاوازی 19.5 چرکە لە دوای هاوتیمەکانیان گەیشتنە هێڵی کۆتایی.

ئاکیۆ تۆیۆدا، بەڕێوەبەری کارگێڕی تیمی تۆیۆتا گازوو ڕەیسینگ (TGR-WRT)، وتی:
"سامی و مارکۆ، پیرۆزتان بێت بە بۆنەی یەکەمین سەرکەوتنتان لە پاڵەوانێتی ڕالی جیهانی (WRC)! زۆر دڵخۆشم کە سووربوون، ورەی بەرز و ئامادەییتان بۆ هەنگاونان، لە کۆتاییدا بەو سەرکەوتنە پاداشت کران. بینینی تۆ و ئۆلیڤەر، کە هەردووکتان هاوتەمەنن، لەسەر دوو پلەی یەکەمی سەکۆی سەرکەوتن، دیمەنێکی زۆر ناوازە بوو و هیوایەکی بۆ داهاتوو بە ئێمە بەخشی. هەمیشە بینینی سەرکەوتنی شۆفێرە ئەزمووندارەکان جێی خۆشحاڵییە، بەڵام ئەم جارە هەستێکی جیاواز بوو. هەروەها، بە سەرکەوتنەکەی سامی لەم هەفتەیەدا، ئێستا هەموو پێنج شۆفێرەکەی تیمەکەمان لەم وەرزەدا سەرکەوتنیان  تۆمار کردووە." 

تۆیۆدا هەروەها وتی: 
"لە تیمی جیهانی ڕالی تۆیۆتا گازوو ڕەیسینگ، ئێمە ئۆتۆمبێل بۆ ئەوە دروست ناکەین کە تەنها یەک شۆفێر بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. فەلسەفەی ئێمە دروستکردنی ئۆتۆمبێلێکە کە هەلێکی یەکسان بداتە هەموو شۆفێرەکانی تیمەکە بۆ بەدەست هێنانی سەرکەوتن. ئەو سەرکەوتنانەی هەموو شۆفێرەکانمان بەدەستیان هێناوە، بەڵگەی سەرکەوتوویی هەردوو ڕێبازەکەمانن، پەرەپێدانی ئۆتۆمبێل و بنیاتنانی تیم. بۆ هەموو ئەندامانی تیمەکە، با بەردەوام بین لە هەنگاونان بەرەو پێش و پێکەوە ئۆتۆمبێلی هەرە باشتر دروست بکەین!"

ڕالی ئەستۆنیا تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە و سەخت بوو بۆ هەموو تیمە بەشداربووەکان، بە شێوەیەک کە 301.8 کیلۆمەتر لە قۆناغەکانی پێشبڕکێ لە ماوەیەکی کەمێک زیاتر لە 48 کاتژمێردا تەواو کرا. ئەم ڕالییە لە شاری تارتوو دەستی پێکرد و ڕێگەی خۆڵاوی فراوان لەگەڵ بەرزایی و بازدانی بڵندی تێدا بوو، هەروەها بەشە تەسک و تەکنیکییەکانیش، کە زەوییە نەرم و لمییەکەیان لەگەڵ دووبارەبوونەوەی تێپەڕین بە قۆناغەکاندا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵەنگاری زیاتریان بۆ شۆفێرەکان دروست دەکرد.

پاجاری و سالمینین هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕالییەکەوە دەستیان بە کۆنترۆڵکردنی پێشبڕکێکە کرد، دوای ئەوەی خێراترین کاتیان لە هەموو حەوت قۆناغەکە تۆمار کرد و جیاوازییەکی 14.7 چرکەییان لە پێشەنگایەتیدا دروست کرد. سەرەڕای خێرای بەرزی ڕێگاکان، ئەم شۆفێرە 24 ساڵە بە ئارامی و متمانەوە ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد و لە سەرانسەری ڕۆژەکەدا کۆنترۆڵێکی جێگیر و خێراییەکی بەرچاوی پاراست.

تیمی ئۆتۆمبێلی ژمارە 5 پێشەنگایەتی خۆی لە درێژەی دوورترین ڕۆژی ڕالییەکەدا پاراست، ئەو ڕۆژەی کە 9 قۆناغ و 149.6 کیلۆمەتر لە پێشبڕکێی تێدا ئەنجام درا. دوای ئەوەی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا جیاوازییەکەیان فراوانتر کرد، پاجاری و سالمینین لە بەشی ئێوارەدا سێ قۆناغی لەدوای یەکیان بردەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژی دووەم بە جیاوازی 25 چرکە لە پێش سۆڵبێرگ و ئێدمۆندسۆن کۆتایی پێبهێنن. 

سەرەڕای ئەوەی باران هەڕەشەی گۆڕینی بارودۆخی پێشبڕکێی لە ڕۆژی کۆتاییدا دەکرد، ئەو ڕۆژەی کە دوو جار تێپەڕین بە قۆناغی 24.39 کیلۆمەتری کائاریکوو تێدا ئەنجام درا، پاجاری ئارامی و جێگیری خۆی پاراست و بە زیرەکی پێشەنگایەتی خۆی بەڕێوەبرد، بۆ ئەوەی بە جیاوازی 19.5 چرکە سەرکەوتنەکەی مسۆگەر بکات و یەکەمین سەرکەوتنی خۆی لە پاڵەوانێتی ڕالی جیهانیدا (WRC) تۆمار بکات، و ببێتە نوێترین شۆفێر کە لە ڕێگا خۆڵاوییە خێراکانی ئەستۆنیا یەکەم سەرکەوتنی خۆی بەدەست بهێنێت.

سۆڵبێرگ و ئێدمۆندسۆن لە سەرانسەری ڕالییەکەدا خێراییەکی جێگیر و بەرچاویان پاراست و بە بەردەوامی لەنێو خێراترین تیمەکاندا بوون، لە هەمان کاتدا پلەی دووەمیان بە باشی پاراست. لە کۆتاییدا، لە هەردوو پۆلێنی ڕۆژی یەکشەممەی نایاب (Super Sunday) و قۆناغی کۆتایی (Power Stage) یەکەم بوون و بە دەست هێنانی زۆرترین خاڵ، دوو سەکۆی سەرکەوتنێکی لەبیرنەکراویان بۆ تیمی تۆیۆتا گازوو ڕەیسینگ مسۆگەر کرد.

ئەم سەرکەوتنە پاجاری دەباتە پلەی سێیەمی ڕێزبەندی پاڵەوانێتی شۆفێران بە کۆکردنەوەی 144 خاڵ، هەروەها سۆڵبێرگیش بە 130 خاڵ گەیشتە پلەی پێنجەم. لەگەڵ ماوەی پێنج ڕالی تر بۆ کۆتایی هاتنی وەرزی 2026، تۆیۆتا جیاوازی خۆی لە لوتکەی ڕیزبەندی پاڵەوانێتی بەرهەمهێنەراندا بۆ 156 خاڵ فراوانتر کرد، و دوای تەواوبوونی 9 گەڕ، کۆی گشتی خاڵەکانی گەیشتە 464 خاڵ.

کۆمپانیای تۆیۆتا خاوەنی مێژوویەکی دێرینە لە وەرزشی پێشبڕکێ ئۆتۆمبێلدا هەیە کە زیاتر لە 60 ساڵ دەگەڕێتەوە. بە پشتبەستن بە فەلسەفەی «رێگاوبانەکان مرۆڤ دروست دەکەن، مرۆڤ ئۆتۆمبێل دروست دەکات»، تۆیۆتا لە جۆراوجۆرترین پۆلەکانی پێشبڕکێ ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری جیهاندا بەشداری کردووە. ئەم دەستکەوتانە لە سەخترین بارودۆخەکاندا، لەگەڵ ئەو ئەزموون و زانیارییە تەکنیکییانەی بەدەست هاتوون، بوونەتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ بەردەوامبوونی کۆمپانیاکە لە پەرەپێدانی باشترین ئۆتۆمبێلەکان لە مێژوودا. هاوکات تیمی گازوو ڕەیسینگ بەردەوامە لە بەشداریکردن لە بەرزترین ئاستی پێشبڕکێ ئۆتۆمبێل، وەک پاڵەوانێتی جیهانی ڕالی (FIA WRC)، هەروەها لە چالاکییەکانی پێشبڕکێ ئۆتۆمبێل بۆ کڕیاران، بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە بەرهەمهاتووەکان.

قۆناغی داهاتووی پاڵەوانێتی جیهانی ڕالی (FIA WRC) لە وەرزی 2026، ڕالی فینلەندا کە لە نێوان 30ی تەمموز تا 2ی ئاب بەڕێوەدەچێت. ئەم ڕالییە، کە خێراترین ڕالی لە ڕۆژ ژمێری پاڵەوانێتی جیهانی ڕالییە، لەسەر ڕێگا خۆڵاوییە نەرمەکان بەڕێوەدەچێت، کە پڕن لە بەرزایی و بازدانەکان. هەروەها وەک ڕالی ماڵەوەی تیمی تۆیۆتا گازوو ڕەیسینگ (TGR-WRT) دادەنرێت، چونکە بنکەی سەرەکی تیمەکە لە نزیکی ناوەندی خزمەتگوزاری لە شاری یۆڤاسکۆلا هەڵکەوتووە. 

تێبینییەکانی پێشبڕکێ: 

● ئۆتۆمبێلی ژمارە 5 تۆیۆتا GR یارس ڕاڵی1 (سامی پاجاری / مارکۆ سالمینین) 

پلە: یەکەم  

کات: 2 کاتژمێر، 31 خولەک و 16.5 چرکە  

● ئۆتۆمبێلی ژمارە 99 تۆیۆتا GR یارس ڕاڵی1 (ئۆلیڤەر سۆڵبێرگ / ئێلیۆت ئێدمۆندسۆن) 

پلە: دووەم  

کات: 2 کاتژمێر، 31 خولەک و 36.0 چرکە (+19.5 چرکە) 

                       
- کۆتایی -
×